پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیی لەبارەی «راسپاردەکانی یەکەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی»

چمک، ھەولێر: راسپاردەکانی یەکەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی بۆ ریفۆرمی میدیایی؛ دەبنە تەوەری سەرەکیی پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی.

بەمیوانداریی د.سامان فەوزی؛ پرۆفیسۆر لە یاسای راگەیاندن و د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ مامۆستای رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی دوایین ئەڵقەی پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی «میدیا و بەرپرسیارێتی» لە کەناڵی ئاسمانیی کوردستان پێشکەشکرا کە تەرخانکرابوو بۆ تاووتوێکردنی پرسی «چاکسازی لە میدیادا چۆن و بە کێ دەکرێت؟»

لەو پرۆگرامە تۆمارکراوەدا کە شەوی ھەینی (29ی تەموزی 2021) پەخشکرا؛ چاکسازیی لە میدیای کوردییدا بەدرێژەپێدەری چاکسازیی سەراپاگیر لە کایە سیاسی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکان پەیوەستکرا، چونکە چاکسازیی لە میدیا دا بەبێ چاکسازیی لە دەستەڵاتەکانی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەری؛ نیوەوناچڵ دەبێت. ھەربۆیە جەخت لە پرۆسێسی چاکسازیی کرایەوە کە پێویستە ھەریەک لە بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانی پەیامی میدیایی؛ پێکەوە بەشداریی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری میدیایی و پابەندبوون بە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.

ھەر لەو پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییەدا؛ پێویستیی چاکسازییکردن لە پێکھاتەی ئێستای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و کاراکردنی رۆڵی پیشەییان لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە رێکخستنی راگەیاندن و رۆژنامەگەری؛ ھاوشان لەگەڵ کاراکردنی رۆڵی دادگاکان و دوورخستنەوەی دەستی درێژی حزب و کەسایەتییەکانی لە کایەی میدیا و بەرفراوانکردنی سنوری ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لە ھەرێمی کوردستاندا دووپاتکرایەوە.

میدیا و بەرپرسیارێتی؛ پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیی ھەفتانەیە رۆژنامەوان ئارەزوو نوری لە کەناڵی ئاسمانیی کوردستان ئامادە و پێشکەشیدەکات. بۆ بینینی تەواوی پرۆگرامەکە؛ دەتوانن لەرێی ئەم بەستەرەی خوارەوە بیسەر و بینەری بن:

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟