د.ئاریانا ئیبراھیم*
هۆكارەكانی پەیوەندیی جەماوەری بە یەكێك لە پایە گرینگەكانی پەرەسەندنی كۆمەڵگاكان و پێوەرێك بۆ پێشكەوتن و شارستانێتی تێیدا، دادەنرێ. وا پێویست دەكات بەم هۆكارانە یان دامەزراوە میدیاییانە پارێزگاری لە رەسەنێتی و كولتوور و ئەخلاقیاتی كۆمەڵگا بكەن.
لەسەر ئەو بنەمایەی كە هەموو پیشەیەك ئەخلاقیاتی خۆی هەیە و، دەرككردنی گرینگیی راگەیاندن و ئەو ئەركە گەورە و ترسناكانەی لە كۆمەڵگە بەجێی دێنێ، سیستمە سیاسییە جیاوازەكانی جیهان چەند سیاسەتێكی میدیایی هەمەجۆریان داناوە كە لەگەڵ ئامانج و ئاراستە و تێڕوانینەكانیان دەگونجێ، پەیوەندییەكان لە نێوان بكەرانی لە لایەك و پەیوەندییەكانی نێوان ئەوان و كارمەندانیان لە لایەكی ترەوە ، وە لە نێوان ئەوان و ئەو كۆمەڵگەی تێیدان لە لایەنی سێیەمەوە دیاری دەكات، ئەم ئەخلاقیات و رەفتارانە رەنگە زانراو و باو بن، لەوانەشە بنەما و پێوەرێك بن ڕێكخراوی پیشەییی پیشەكە دایبنێت و لەسەر رۆژنامەوانان پێویستە لە رەفتاریان بەرانبەر خۆیان و بەرانبەر هاوكارەكانیان و بەرانبەر جەماوەریان پابەند بن بە چەند پرەنسیپ و بەهایەكی بنەڕەتی. پابەندبوون بەم پرەنسیپ و بەهایە بنەڕەتییانە جۆرێكە لە ئەركە كەسییەكان، واتە پابەندبوونێكی كەسییە بە سیفەتێكی كەسی دەكەوێتە سەر هەر یەكێكیان بۆ ئەوەی ببێتە رەفتارێكی ساغ و ئەخلاقی، ئاماژە دەكات بۆ بنەما روونەكانی رەفتاری پیشەیی لە دامەزراوەكانی ئامرازهكانی پەیوەندی و، هەروەها ئاراستە كاراكان و داوا پەیوەندارەكان بە هەر شتێك كە لە شێوازی كار و ئەنجامدان گونجاوە.
هەروەك دەزانین پیشەی رۆژنامەوانی تایبەتمەندییەكی گەورەی هەیە كە لە هەموو پیشەكانی تر جیایە چونكە ئەو قسە لەگەڵ عەقڵەكان بە هەموو ئاستە جیاوازەكانیەوە دەكات، بریتییە لە وشەی چاپكراو و خوێنراو كە هەموو رۆژێك بە جۆرەها وتار و ستوون و لێكۆڵینەوە و هەواڵ دەكەوێتە بەرچاوی خوێنەرانەوە، زێدەباری ئەو دەروازە جێگیر و ناجێگیر و وەرگێڕان و راپۆرت و هونەرە رۆژنامەوانییە جیاوازەكانی تر كە لە رۆژنامەدا هەن، ئەوەش وا دەكات كارمەندانی رۆژنامە لە چەند رەوشت و ئاكارێكی باو و ناسراو لە سەرتاسەری جیهان هاوبەش بن كە دەستوورە ئەخلاقییەكانی ڕێكخراوە پیشەییەكانی هەموو كۆمەڵگایەك پاڵپشتی دەكات.
پێنج بازنەی رەوشتی، ئەخلاقیاتی پیشەكە دیاری دەكەن كە لە چوارچێوەیدا رۆژنامەوانان كاردەكەن و پێیاندەوترێ پێنج بازنەكەی گۆڕاوە رەوشتییەكان كە لێیان دەخوازرێ بڕیاری گونجاو بدەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڵوێستانەی تووشی دەبن. هەروەك دەتوانین ناو لەم بازنە رەوشتییانە بنێین ئەو بەهایانانەی لە هەڵبژاردنی هەواڵەكان پەنایان بۆ دەبرێ و لە ئەنجامدانی پیشەكەدا پشتیان پێ دەبەسترێ. ئەم گۆڕاوانە بە پێنج بازنەی بەیەكداچوو و یەك بەدوای یەك نمایان دەبن كە بە بازنەیەكی بچووك لە ناوەڕاست دەست پێ دەكات و، بازنەكانی تری دەوری بە چەند مەودایەكی یەكسان یەك بەدوای یەك دێن و هەموو رۆژنامەوانێك لەناو سەرجەم ئەم بازنانە دەوەستێ و لەسەری پێویستە بە سەلامەتی لێیانەوە دەرچێت و بڕیارێكی عەقڵانیی ساغ بدات كە بە هۆیەوە هاوسەنگیی ئامانجدار رووبدات.
بازنەی یەكەم لە ناوەڕاست ئەو ئەخلاقیاتە تایبەتانە دەنوێنێ كە هەموو رۆژنامەوانێك بەجیا دەستی پێوەدەگرێ، بەڵام هی دووەمی دەوری یەكەم ئەو پرەنسیپە ئەخلاقییانە دەنوێنێ كە هەموو دامەزراوەیەكی رۆژنامەوانی بۆ كارمەندانی دادەنێ وەك چوارچێوەیەكی سیاسیی ئەخلاقی كە بۆ خۆی دیاری دەكات، بازنەی سێیەمی دەوری دووەم وەك گشت گوزارشت لە ئەخلاقیاتی پیشەكە دەكات، واتە گوزارشت لەو رەفتارانە دەكات كە كۆنتڕۆلی هەموو پیشە پەیوەندییە جەماوەرییەكان دەكات وەكوو سەندیكا رۆژنامەوانییەكان و هەموو بڵاوكاران و هیتر. بازنەی چوارەمی دەوری سێیەم ئەو پرەنسیپ و رەفتارانە لەخۆدەگرێ كە سیستمەكانی پەیوەندی لە هەموو كۆمەڵگایەك وەك گشت دەیسەپێنن ئەوانیش سیستمێكن فەلسەفە سیاسی و ئابووریییەكانی هەموو كۆمەڵگایەك دەیسەپێنن، زێدەی ئەو یاسا و قانوونانەی دەستەكانی یاسادانان دایاندەنێن. لە كۆتاییدا بازنەی پێنجەم دێت كە دەوری هەر چوار بازنەكەی تر دەدات كە ئەو سنوورانە لەخۆدەگرێ كە خەڵك لە هەر كۆمەڵگایەك دایدەنێن بەسەر هەموو چالاكییە مرۆییەكان و كەس ناتوانێ بیانبەزێنێ.
ئەگەر باس لە رادەی ترسناكیی پیشەی رۆژنامەوانی بكەین دەتوانین بە دوو رەهەندی بنەڕەتی ئاماژەی پێ بكەین كە بریتیین لە: ترسناكیی پیشەكە لەسەر ئەو رۆژنامەوانانەی كاری رۆژنامەوانی دەكەن یەكەم لەبەرئەوەی هەستان بە ئەركی گەورە و ترسناك دەخوازێ كە رەنگە رۆژنامەوان لە پێناویدا ژیانی خۆی دانێت، دووەم ئەو مەترسییەی رۆژنامەوانیی لەسەر كۆمەڵگە دروستی دەكات لە كاتی دووركەوتنەوەی ئەو كەسەی ئەنجامی دەدات لە ئەخلاقیاتی پیشەی رۆژنامەوانی و ئەركە گرینگ و گەورەكانی پەیوەست پێوەی. بۆیە ئەو كەسەی ئەنجامی دەدات پێویستە سیفەتی تایبەت و زۆری هەبێ كە لە میانەیدا پێویستی بە وریایی و ژیرییە.
*پرۆفیسۆر لە بەشی راگەیاندن لە کۆلیژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین