جیاکاریی جێندەری و رەنگدانەوەی لە میدیای کوردییدا تاووتوێکرا

چمک، ھەڵەبجە: بەشی چالاکییەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی و بەشی راگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ھەڵەبجە پانێڵێکی رەخنەیی ھاوبەشیان بۆ تاووتوێکردنی پرسی ھەنوکەیی «جیاکاریی جێندەری و رەنگدانەوەی لە میدیای کوردییدا» رێکخست.

لە دەستپێکی ئەو پانێڵە رەخنەییەدا کە رۆژی سێشەممە (09ی ئاداری 2021) بەڕێوەچوو، پ.ی.د.مەھاباد کامل سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە وێڕای بەخێرھێنانی پانێڵیست و میوانەکان ئاماژەی بە رۆڵی نەرێنیی میدیاکان کرد لەشێواندنی رووی راستەقینەی ژنان و ھەوڵەکانیان لە سەرکردایەتییکردنی کایە جۆربەجۆرەکاندا. ھاوکات دووپاتییکردەوە کە پێویستە ژنان لەپاڵ خەون و خولیا تاکەکەسییەکانیاندا، بەبێ ترس و شەرم؛ پێداگری لەسەر مافی رەوای خۆیان بکەن لەو پلە و پۆستانەی کە بەشیاوی خۆیانی دەزانن.

توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان لەمیدیادا؛ تەوەری یەکەمی پانێڵەکە بوو کە لەلایەن پ.ی.د.ژیا عەباس لە زانکۆی سلێمانیی پێشکەشکرا. دوابەدوای خستنەڕووی سەربوردێکی مێژوویی لەبارەی تێڕوانینی جیاجیای دەستەبژێری کۆمەڵگەکان لەسەر توانا و توانستی ژنان، ئاماژەی بە تۆخکردنەوەی ئەو وێنا نەرێنیانە کرد کە لەنێو کۆمەڵگەدا لەسەر ژنان ھەن و میدیای کوردیی بە بەرنامە کار لەسەر دووپاتکردنەوەو زیاتر زەقکردنەوەیان دەکات.

لەبەشی دووەمی پانێڵەکەکەدا، د.ھەتاو حەمەساڵح سەرۆکی بەشی راگەیاندن لە کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ھەڵەبجە تاووتوێی پرسی «وێناکردنی وێنەی ژن لەدراماکاندا» کرد. ھەروەک بەداتای کۆکراوەی توێژینەوەیەکی تایبەت لەو بارەیەوە، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە بەشێکی زۆری دراماکان بەگشتیی ودراما تورکییەکان بەتایبەتی کار لەسەر بەکاڵاکردن و بە کاڵانیشاندانی ژنان دەکەن. ئەوەیش وایکردووە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تاکەکانی ھەرێمی کوردستان بەجێبھێڵێت؛ چ لەڕووی خێزانیی و کۆمەڵایەتییەوە بێت یاخود لە رووی دەروونیی و پەروەردەییەوە.

سیاسەتی یەکسانی و ھاوسەنگی جێندەریی لەمیدیادا؛ ناونیشانی تەوەری سێییەمی پانێڵە رەخنەییەکە بوو کە لەلایەن د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی و مامۆستای یاسا و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیی تاووتوێکرا. لەرێی ھێنانەوەی نموونەی زیندوو لەکەناڵە جیاوازەکانی میدیای کوردی؛ ئەو راستییەی پشتڕاستکردەوە کە بەشێکی زۆری پاشاگەردانیی ئەمڕۆی میدیا بە بەرنامەی پێشوەخت بیرلێکراوە بەڕێوەدەبرێت و کار لەسەر پەڕاوێزخستن و نەرێنیی پیشاندانی وێنەی ژن دەکرێت وەک پەرچەکردارێکی دۆخی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی. ئەوەیش لەلایەک بەھۆی خودی ژنان خۆیانەوەیە کە رۆحی بەرەنگاریی و پێداگریان لەسەر مافەکانیان لاوازە و زۆرجار ھێندەی ئارەزووی ئەوە دەکەن کە بەقوربانیی نیشان بدرێن و ببنە پاشکۆی خواست و ویستەکانی پیاوان، نیوھێندە کار لەسەر ناساندنی خۆیان و بەرگرییکردن لەتایبەتمەندێتیی مێینەیی خۆیان ناکەن. لەلایەکی دیکەوە؛ ژنان لەنێوەندە میدیاییەکاندا ھاوشێوەی کایەکانی دیکە ھێندەی وەک نێچیرێکی سێکسیی لێیان دەڕوانرێت، ھێندە وەک بڕیاردەر و بەشدار لەپرۆسەی بەڕێوبردن و بەرھەمھێنانی میدیایی لەکاتی رووماڵکردن و داڕشتن و چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەدا، چانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنیان نییە و نەبووە. بۆ راستکردنەوەی ئەو دۆخە نادروستەش، بەپێویستی زانی؛ ھەم میدیاکان و ھەم میدیاکاران پێداگری لەسەر سیاسەتی یەکسانی و ھاوسەنگی جێندەری بکەن، تاوەکو ھەریەکەیان ئەرک و مافی خۆیان بزانن و بەپاساوی نالۆژیکی؛ جیاکاریی جێندەری بەرامبەر یەکتری نەنوێنن و دواتر لەبەرھەمەکانیاندا رەنگنەداتەوە.

وێنە:
ئاڤێستا محەمەد

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟