سزادانی رۆژنامەوانان و پاساوەکانی پەراوێزخستنی یاسای رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستاندا تاووتوێکرا

چمک، سلێمانی: بەدروشمی گەشە و کەمتەرخەمییەکانی میدیای کوردیی لەبیرەوەری 30ساڵەی راپەڕیندا رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی و رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت پانێڵێکی رەخنەیی ھاوبەشیان رێکخست بۆ ھەڵسەنگاندنی؛ سزادانی رۆژنامەوانان و پاساوەکانی پەراوێزخستنی یاسای رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستاندا.

لەدەستپێکی ئەو پانێڵە رەخنەییەدا کە ئێوارەی رۆژی شەممە (06ی ئاداری 2021) لەشاری سلێمانیی بەڕێوەچوو؛ کاروان ئەنوەر وەک سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تاووتوێی کار و چالاکییەکانی سەندیکای لەبەرفراوانکردنی ئازادییەکانی رۆژنامەگەریی و رۆڵی لە دەستەبەرکردنی مافە پیشەییەکانی رۆژنامەوانان لەسنوری سلێمانیی کرد. ھەروەک رەخنەی ئەوەیشی لە ئەدائی خۆی و پێکھاتەی سەندیکای رۆژنامەنووسان گرت کە لەئاست تەواوی خواست و داواکارییەکانی رۆژنامەنووساندا نەبوون و ھەندێکجار بەھۆی کارلێکی بەردەوامی لەگەڵ دۆسییەکانی دادگا و دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش بۆ ئەو رۆژنامەوانانەی رووبەڕووی تۆمەتبارکردن و سزای یاسایی بوونەتەوە؛ لەلایەن سەندیکاکەیەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەو ئاگادارکردنەوە بووەتەوە.

لەبەشی دووەمی پانێڵە رەخنەییەکەدا؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس وەک سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی تاووتوێی تەوەری «میدیای کوردیی و پێویستیی چاودێرییکردن و رێکخستنەوەی» کرد. لەبەر رۆشنایی نیشاندەرەکانی گەشەسەندنی میدیایی (Media Development Indicators)دا کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ وەک چوارچێوەیەکی میتۆدیی بۆ ھەڵسەنگاندنی رەوشی پێشڤەچوونی میدیا لەھەر وڵاتێکدا دانراوە، ئاماژەی بە رێکخستنی یاسایی ناوەڕۆکی راگەیاندن و فرەلایەنیی و فرەڕەنگیی میدیاکان کرد. دواتر بەکارھێنانی میدیا وەک پانتاییەکی گشتیی و رۆڵی لە ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونە دژ و تەباکان و دروستکردنی رایگشتیی لەسەر پرسە گەرمەکانی رۆژ تاووتوێکرد. بەدواییدا ھەریەک لەنیشاندەرەکانی شەفافیەتی خاوەندارێتیی میدیا و ناڕوونیی سەرچاوەکانی داھات و دارایی لەگەڵ سنورداریی ئاستی بنیاتنانی توانا پیشەییەکانی رۆژنامەوانان لەھەرێمی کوردستاندا تاووتوێکرد.

لەدوایین تەوەری پانێڵەکەدا؛ حاکم رزگار محەمەدئەمین وەک ئەندامێکی دادگای تێھەڵچوونەوە تاووتوێی «رۆڵی دەستەڵاتی دادوەریی لەپانتایی ئازادی رادەربڕیندا» کرد. ھەروەک پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ماف و ئازادیی رادەربڕین گەورەتر و بەرفراوانترە لە کۆی ئەو یاسایانەی تائێستا بۆرێکخستنی ئەرک و مافی رۆژنامەوانان دەرچوێنراون. ھاوکات دووپاتییکردەوە کە دادوەران لەجێبەجێکردنی دەقە یاساییەکاندا چوونیەک نین. ھەندێکیان پابەندی بڕگە بە بڕگەی دەقە یاساییەکانن و بە «حرفی» یاساکان جێبەجێ دەکەن و دۆسییەکان یەکلایی دەکەنەوە. ھەندێکی دیکەشیان پرۆسەی دادگاییکردن و بڕیاردان لەسەر دۆسییەکان لەروانگە مرۆیی و ئایینیی و کۆمەڵایەتییەکان دانابڕێنن و بەشێوەیەکی «حرفی» یاساکان جێبەجێ ناکەن. ھەروەک ھەرجۆرە پیشاندانێکی ددانپێدانانی تۆمەتباران و تاوانباران لەمیدیاکانەوە پێش ئەوەی دادگای تێھەڵچوونەوە دوا بڕیاری لەسەر بدات؛ بە کارێکی نادروست و ناپیشەیی ناوزەد کرد.

لەکۆتایی تەوەرەکانیشدا؛ بە پرسیار و سەرنجی بەشداران و وەڵامی پانێڵێستەکان ناوەڕۆکی پانێڵەکان دەوڵەمەندکران و رێکخستنی ئەمجۆرە پانێڵە رەخنەییانەش بە ھەوڵ و ھەنگاوێکی گرنگ زانرا؛ بۆ وروژاندنی پرسەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئاستەنگەکانی بەردەمی.

فۆتۆ:
ڤینۆس تۆفیق و زەنوێر محەمەد و مەحمود نامۆ

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟