میدیای ئەلكترۆنیی كوردی؛ لەنێوان شێواوی پیشەیی و رێكخستنی یاساییدا*

  • د.شوان ئادەم ئەیڤەس**

بەئٔامانجی رێگەگرتن لەخراپ بەكارهێنانی راگەیاندنی ژمارەیی (digital media) و تەونی جاڵجاڵۆكەیی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییە هەژموندارەكانی؛ “پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان – عێراق”دا گرنگ و پێویستە، بەڵام لەویش گرنگتر رێگەگرتنی یاساییە لەخنكاندنی هەناسەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی زانین. هەڵبەت ئەوەش لەكاتێكدایە كە لغاوكردن و سنورداكردنی ئەو ماف و ئازادیانە لەمڕۆداو لەسەر ئاستی جیهان ئەگەر كارێكی ئەستەم نەبێت، لەئاستی ناوچەییشدا زۆر سادە و ئاسان نابێت. بەتایبەت ئەگەر خواست و ویستێكی هاوچەرخ بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی دیكتاتۆریی و سەرپێخستنی سیستمی دیموكراسیی و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی؛ لەكارنامەی پارتە فەرمانڕەواكاندا هەر بەتەنیا وەك دروشم و هەڵمەتێكی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان مابێتەوە!

ئەو “پێشنیازە یاسا”یە كە لە 22 ماددە و هۆكاری دەرچوواندنی پێكهاتووە و لەدانیشتنی رۆژانی 27-28ی تەموزی 2020ی پەرلەمانی كوردستاندا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، ئەوە دەهێنێت كە خوێندنەوەی دووەم و پەسەندكردنی كۆتایی دوابخرێت تاوەكو ناوەڕۆكەكەی بەسەر لەنوێ داڕشتنەوەی ناونیشان و بڕگە و ماددەكانی؛ وردتر و باشتر دەوڵەمەند بكرێت. ئەویش بەپشتبەستن بە سەرنج و پێشنیازەكانی بەرهەمهێنەران و بەكارهێنەرانی ناوەڕۆكی پەیامەكانی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە بەرفراوانەكانی لەناوەوەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بیستن و خوێندنەوەی دیدگاكانی هەریەك لە رۆژنامەوانان و ئەكادیمیی و پسپۆڕانی میدیا و یاسا و كۆمپیوتەر پێویستە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر گرنگە سوود لە “یاسای میدیای ئەلكترۆنی”ی وڵاتی مۆنتینیگرۆ وەربگیرێت كە زۆر دیموكراسییترەو لەرووی ناوەڕۆكیشەوە زۆر چڕوپرترە. ئەو یاسایە لە 160 مادە پێكهاتووە و لە 2010ەوە دەرچووە؛ لە ساڵانی 2011 و 2013 و 2016دا هەمواركراوەتەوە. لەماددەی یەكەمیدا ئەوەی دەقنووسكردووە كە مەبەستی یاساكە؛ رێكخستنی مافەكان، ئەركەكان یاخود پابەندییەكان و بەرپرسیارێتییەكانی ئەو كەسە سروشتیی و مەعنەوییانەیە كە كار لەسەر بەرهەمهێنان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی راگەیاندنی دەنگیی و رەنگیی دەكەن. خزمەتگوزارییەكانی بڵاوكردنەوەی ئەلكترۆنییش دەبێت لەرێگەی تۆڕەكانی پەیوەندییكردنی ئەلكترۆنیی (electronic communications networks)ەوە بێت؛ بەپێی شارەزایی، بارودۆخ و سەرچاوەكانی پاڵپشتییكردنی دارایی ئاژانسەكە بۆ راگەیاندنی ئەلكترۆنی (the Agency for Electronic Media). ئەویش  بەئامانجی بەرگرتن لە تەركیزبردنی راگەیاندنی رێگەپێنەدراو (unauthorized media concentration) لەگەڵ برەودان بە فرەلایەنیی راگەیاندن و بابەتە جێبایەخەكانی دیكەی خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت؛ بەپێی رێككەوتننامەو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان. لەو سۆنگەیەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ناوەڕۆكی ئەو یاسایە، ئەم چەند سەرنج و پێشنیازەی خوارەوە دەخرێنەڕوو:

یەكەم: باشتربوو “پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی” لەگەڵ یاسای ژمارە 06ی ساڵی 2008ی “خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییكردن لەهەرێمی كوردستان_عێراق”دا؛ ئاوێزان بكرابایەو لەژێر ناونیشانێكی نوێدا هەموارو داڕشتنەوەی بۆ بكرایە. بەجۆرێك ئەوەی پەیوەندییداربوو بەخراپ بەكارهێنانی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەكانی لەبواری گەیاندن، راگەیاندن و رۆژنامەوانی، ئامرازەكانی پەیوەندییكردن و دنیای گریمانەیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان؛ یاساكە لەخۆی بگرتایە و ناوبنرایە “یاسای رێكخستنی راگەیاندنی ژمارەیی و خراپ بەكارنەهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییكردن لەهەرێمی كوردستان-عێراقدا”.

دووەم: پێویستە بڕگەی یانزەیەمی ماددەی یەكەمی ئەم “پێشنیازە یاسا”یە لاببرێت و بۆ هەرجۆرە خزمەتگوزارییەكی ریكلامی بازرگانی، یاسای ژمارە 04ی ساڵی 2019 بكرێتە سەرچاوە. هاوكات هەر لەم ماددەیەدا گرنگە ئاماژە بەوەزارەتەكانی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان بدرێت. بەجۆرێك هاوشێوەی یاساكەی مۆنتینیگرۆ، پێویستە ئاژانسێك یاخود بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتمەندی سەر بەو وەزارەتانە بۆ چاودێرییكردن و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاساكە دابمەزرێت.

سێیەم: لەماددەی دووەمدا هاتووە؛ “میدیای ئەلکترۆنی بە یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سیستمی میدیایی هەرێم دادەنرێت”، بەڵام تا ساتی نووسینی ئەم دێڕانەش نە سیستمێكی روون و نووسراوی میدیایی هەیە لەبارەی فەلسەفەی لیبراڵیی یان سۆسیالیستیی سیستمەكە و سنوری یاسایی و پیشەیی رێگەپێدان و قەدەغەكراوەكانی، نە ئەوەیشی تائێستا لەبارەی سیستمی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە هەیە لەبەڵگەنامەیەكی یاسایی وەك دەستوردا دەقنووس كراوە. بۆیە گرنگە ئەم مادەیە بەجۆرێك دابڕێژرێتەوە كە لەگەڵ واقیعی یاسا بەركارەكانی هەرێمدا یەكبگرێتەوە. باشترە لێرەدا جەخت لەسەر چەند بنەمایەكی وەك پیشەگەرێتیی و ناكۆك نەبوون لەگەڵ ماف و ئازادییەكانی تاكەكەس لەرووی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی زانین بكرێتەوە.

چوارەم: لەماددەی چوارەمدا نەتوانراوە ئەو جیاوازییە پیشەییە لەبەرچاوبگیرێت كە لەنێوان پێگەیەكی هەواڵیی ئەلكترۆنیی و پێگەیەكی خزمەتگوزاریی حكومیی یان چالاكیی رێكخراوەییدا هەیە. هەریەك لەمانە سروشت و تایبەتمەندیی پیشەیی و یاسایی خۆیان هەیە و پێویست ناكات هەموو پێگەیەكی ئەلكترۆنیی بكەوێتەژێر چەتری ئەم مادە یاساییەوە، بەڵكو پێویستە زۆرتر جەخت لەسەر رەهەندی رۆژنامەوانیی “میدیای ئەلكترۆنی” بكرێتەوە.

پێنجەم: لەماددەی شەشەم و حەوتەمدا، پێویست ناكات خاوەندارێتیی یان سەرنووسەریی میدیای ئەلكترۆنیی بدرێتە كەسێك كە “هەڵگری ناسنامەی عێراقیی بێت” و تەمەنی “لە 21ساڵ كەمتر نەبێ”، چونكە دنیای گریمانەیی ئینتەرنێت و تۆڕە جۆربەجۆرەكانی وەك دنیای ناگریمانەیی چاپكراوەكان نییە تاوەكو مەرجەكانی خاوەندارێتیی میدیای نووسراوی بەسەردا جێبەجێ بكرێت. ئەمە جگەلەوەی كە مەرج نییە هەمیشە سەرنووسەر یان سەرچاوەی دابینكەری ئینتەرنێت و ئەدمینی ماڵپەر و پەیجەكان لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بن و هەڵگری ناسنامەی عێراقیی بن. لەو رووەوە، ئەو میدیا نێودەوڵەتیانەی بەزمانی كوردیی پەیامەكانیان پەخش و بڵاودەكەنەوە، باشترین نموونەن.

شەشەم: لەماددە هەشتەوە تاوەكو یانزە، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كراوەتە چاوگەی سەرەكیی چاودێریی و خاوەندارێتیی دامەزراندنی ماڵپەر و دانانی سەرنووسەرانی میدیای ئەلكترۆنی؛ بەبێ ئەوەی زۆرینەی رۆژنامەوانان ئەندامی ئەم سەندیكایە بن یاخود متمانەیان پێی هەبێت. ئەوەش لەكاتێكدایە چاوگەی میدیای پەخشكراو، وەزارەتی رۆشنبیرییە بۆ پێدانی مۆڵەتی دامەزراندن و تازەكردنەوەیان. هەربۆیە پێویستە ئەم دوو چاوگەییە یەكلایی بكرێنەوەو لەیەك شوێنەوە هەموو جۆرەكانی میدیا مۆڵەتی دامەزراندن و هەڵوەشاندنەوەیان هەبێت، چونكە سەندیكا دەسەڵاتی جێبەجێكار نییەو ئەزموونی رابردوو ئەوەی سەلماندووە كە لەدەركردنی رێنمایی و سەپاندنییدا زۆرجار رووبەڕووی كێشە بوەتەوەو نەیتوانیوە بچووكترین گوشار و كاریگەریی لەسەر میدیاییەك هەبێت كە پێشێلی پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن یاخود تاوانەكانی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی ئەنجام دابێت.

حەوتەم: ئەو سزایانەی لەمادەكانی 16 و 17دا هاتوون، زۆر ورد نین و داهات و دارایی میدیا و میدیاوانان لەبەرچاو نەگیراوە. ئەوە جگە لەوەی كە زۆر تاوانی دیكەی بەربڵاوی راگەیاندن هەن ئاماژەیان پێنەدراوە، لەوانە: تاوانی دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتی كەسەكان و پێشلكردنی مافی تایبەتمەندییان لەماڵپەرە هەواڵیی و هونەریی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. لەجۆری سزاكانیشدا، جیاوازیی ورد و روون لەنێوان بلۆگەرەكان و هەژماری فەرمیی تۆرە كۆمەڵایەتییەكانی میدیاکان و هەژماری تایبەتیی كەسەكان نەكراوە لەو تاوانانەی كە لەمیدیای ئەلكترۆنییدا ئەنجامی دەدەن.

هەشتەم: ماددە 19 زیادەیە، چونكە تائێستا نە یاسایەكی تایبەت بەپشتیوانییكردنی میدیا لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، نە حكومەتیش هیچجۆرە پلان و پرۆژە و پرۆگرامێكی نیشتمانیی بۆ چوونیەك پشتیوانیكردنی دارایی و دابینكردنی زانیاریی میدیاكان راگەیاندووە، تاوەكو “دەستیان بە نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێرەکان و تۆڕە پێشکەوتووەکانی ئینتەرنێت رابگات”. هەربۆیە رەنگە لێرەدا باشتربێت جەخت لەسەر كاراكردن و جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی بۆ هەموو هاووڵاتیان و لەنێویشیاندا میدیا و میدیاوانان بكرێتەوە.

نۆیەم: ئەگەر یاسا؛ بریتیی بێت لە كۆمەڵە بنەمایەكی گشتگیر و ئەبستراكت كە دەستەڵاتی تایبەت بە یاسادانان لەهەر وڵاتێكدا بۆ رێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان كەسەكان و پەیوەستكردنیان بەشێوازێكی زۆرەكی (ملزم) بەپەیڕەوكردنی دایبڕێژێت، دەنا سەرپێچیكار سزابدرێت (فەوزی، 2016: 10)، ئەوا ئەم “پێشنیازە یاسا”یە نەیتوانیوە ببێتە هۆی رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان سەرچاوەی دابینكەر، بەرهەمهێنەر و بەكارهێنەری ناوەڕۆكی پەیامی نووسراو یاخود رەنگیی و دەنگیی ئینتەرنێت بەشێوەی وەستاو یان جوڵاو.

دەیەم: لەدەستنیشانكردنی تاوانە ئەلكترۆنییەكانی میدیادا ئەم “پێشنیازە یاسا”یە وردنەبووە، چونكە بەپێی یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969ی سزادانی عێراق، تاوان بریتییە لەهەر رەفتارێكی ئەرێنیی یان نەرێنیی دەرەكیی كە یاسا قەدەغەی كردبێت و سزاشی بۆ ئەو كەسە دانابێت كە ئەنجامی دەدات، بەمەرجێك ئەو كەسە بەرپرس بێت. واتە منداڵ و شێت نەبێت، چونكە ئەوان لەرووی سزاییەوە بەرپرس نابن و سزاش نادرێن. بەتایبەت كە تاوانەكانی راگەیاندن؛ لەئەنجامی خراپ بەكارهێنانی ئازادی دەربڕین و بڵاوكردنەوەوەو بەبەكارهێنانی ئامرازێك لەئامرازەكانی راگەیاندن دروست دەبن.

لەكۆتاییدا دەكرێت ئەنجامگیریی ئەوە بكرێت كە هەوڵدان بۆ رێكخستنی ناوەڕۆكی راگەیاندن لەرێی گەڵاڵەكردن و دەرچواندنی یاسای نوێ؛ ئەركێكی گەورەو گرنگی پەرلەمانە و جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە پەرلەمانتاران ئەركی دووەمیان لە چاودێریی جێبەجێكردنی یاساكان فەرامۆش نەكەن و پێداگری لەسەر ئەو یاسایانە بكەن كە تائێستا جێبەجێ نەكراون. لەم نێوەندەشدا، گرنگە ئاستی بەریەككەوتن و لێكچوونی نێوان یاساكان كەم بكەنەوە؛ لەرێی هەمواركردنەوە و ئاوێزانكردنی ئەوانەیان كە ناوەڕۆكەكەیان لەیەكەوە نزیكن. خۆئەگەر پسپۆڕێكی زمانی كوردییش بەئاستەكانی بڕگەسازی، وشەسازی، رستەسازیی و واتاسازیی ناوەخنی دوا ڤێرژنی یاساكاندا بچێتەوە؛ خراپ نابێت.

* ئەم بۆچوونە لە “دۆز و دۆسییەی میدیایی” لەبارەی یار و نەیاری پرۆژەیاسای میدیای ئەلكترۆنیی لەهەرێمی كوردستاندا لە یەكەم ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان-دا چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

** دكتۆرا لەكولتورەكانی رۆژنامەگەریی و سیاسەتی تایبەتمەندێتیی لەزانكۆی نۆتینگهام ترێنت لەبەریتانیا؛ دامەزرێنەر و سەرۆكی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی “چمك”؛ مامۆستای وانەی یاسا و رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن لەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

 

 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟