د.شوان ئادەم ئەیڤەس*
حزبی سیاسی؛ ماتەوزەی مرۆیی و تەکنیکی میدیایی خۆی بۆ کێ و کەی و لە کوێ و چۆن و بۆ چیی دەخاتەگەڕ کە لەم سەردەمە شووشەییەی شەڕی زانیارییەکاندا ھەموو راز و نیازێکی بەر لەوەی سەرکردایەتیی و ئەندامانی بیزانن، لەلایەن «ئەستێرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان»ەوە قاو بدرێت و لە زمانی «میدیای سێبەر و نائۆرگانیی حزبی»شەوە دەرخواردی دژ و دوژمنانی بەر رووناکی حزب بدرێن و بەئاشکرا پەخش و بڵاوبکرێنەوە؟
حزبی کوردیی کەی لەو راستییە تێدەگات کە لەسەردەمی تایبەتمەندێتیی و پسپۆڕییدا؛ ناکرێت رۆڵی مەکتەبەکانی رێکخستن و ھەڵبژاردن و دەزگای ھەواڵگریی حزب بە مەکتەبی راگەیاندن و ئامرازەکانی بسپێرێت یاخوود ئەو چاوەڕوانییەی لێیان ھەبێت کە لەبری رۆژنامەوانی پیشەوەر، کادری رامکراوی بێکار یان بندیواری شەقوەشێن و جنێوفرۆشی فووتێکراوبن. لە چ سات و ساردەمێکدا دیدگا حزبییەکانی بۆ دیدگایەکی ھاوچەرخی نیشتمانیی پیشەوەرانە وەردەچەرخێنێت کە «لە کوێدا پچڕا لەوێدا گرێی بدەوە» نابێت بە دەرمان بۆ دەردی درێژخایەنی واسیتە و مەحسووبییەت و مەنسووبییەتی «خۆمانەیە». بەجۆرێک کە تەنانەت پەتێکی لێکپچڕاویش ھێند گرێ بدرێتەوە؛ دەبێت بە گرێکوێرە و دواتر گرێی ددان_یش بە دەست و دەنووک و باڵی باڵکێشی خوودی حزبەکەیش ناکرێتەوە، چ بگات بەوەی ئەو «گرێدانەوە»یە لەکۆتاییدا سەری خۆی و حزبییەکانییش نەخوات!
میدیا ئەگەر بە راستیی رۆڵ و ئەرکی میدیایی راپەڕێنێت و بەرجەستەی خەم و خۆشیی وەرگرەکانی بکات؛ دەبێت سیاسەتی میدیایی خۆی لە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان و بنەماکانی یاسا بەرکارەکانی ئەو جوگرافیایە دابڕێژێت کە لێوەی و بۆی چاپ و پەخشدەکات، نەک خەون بە BBC_یەوە ببینێت و ھێشتا رێگەی پێنەدەن یاخوود زەمینەی ئەوەی بۆ نەڕەخسێنن پراڤدا تێپەڕێنێت. ئیتر حزب میدیای بۆچییە کە خۆی ناتوانێت ئەم ئەرکە پیرۆزە راپەڕێنێت یان لەپای چ ئامانجێکی حزبیی خۆی؛ ناپیرۆزیی پیشەیی دەکاتە بار بەسەر «رۆژنامەوانان» و ناچار بە بێگارییان دەکات؟ ئەی کەی گوێ لەئەکادیمیی و پسپۆڕ و توێژەرانی میدیایی دەگرێت و لەبەر ئاوێنەی سەرنج و پێشنیازەکانیاندا رووخسار و ناوەڕۆکی خۆی و «میدیا»کانی پێ رێک و یەکدەخاتەوە؟
پتر لە چواردە مانگ لەمەوپێش و لەھەنگاوێکی بێپێشینەدا بەئامادەبوونی نزیكەی 200 كەس و میوانداریی 14 پانێڵیست و لەچوارچێوەی چوار پانێلی سەرەكییدا؛ خوولی یەکەمی كۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ریفۆرمی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا لەرۆژی شەممە (10ی تەموزی 2021) لە هۆڵی داوا لە شاری سلێمانی رێكخرا. لەماوەی هەشت كاتژمێر (09:30-05:30) وتووێژی نێو كۆڕبەندەكەدا؛ چوار تەوەری سەرەكیی تاووتوێكران و لەكۆتاییدا 20 راسپاردەی لێكەوتەوە کە پێنجیان تایبەتبوون بە حزبەکان، چوونکە گۆڕانکاریی لە تێڕوانینی حزبدا دەبێت بە پاڵنەر و داینەمۆی گۆڕانکاریی لە کایە و کەرتەکانی دیکەدا. راسپاردەكانی «تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی حزبییدا» بریتییبوون لەوەی کە :
١. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ ناناوەندێتیی پیشەیی زیاتر بدەن بە میدیاكانیانیان و لە رێی ریفۆرمی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەوە زەمینەسازیی بۆ ریفۆرمی میدیایی لەنێوخۆو دەرەوەی پارتەكانیاندا بڕەخسێنن، بەتایبەت لەرێی نوێنەرەكانیان لە دامودەزگاكانی پەرلەمان و حكومەت و دادگەكاندا. بەجۆرێك جیاكردنەوە و سەربەخۆ كاركردنی پیشەیی دەستەڵاتەكانی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەریی ببێتە پێشمەرجی كشانەوە لە خاوەندارێتیی ناوەندێتیی میدیاكانیان و رەخساندنی ژینگەیەكی ئازادتری كاركردن بۆ رۆژنامەوانان و چەسپاندنی رۆڵی چاودێریی دەستەڵاتی چوارەم. واتە بەتەنیا کار بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە حزبییەکان نەکەن و بەرژەوەندیی گشتییش لەبەرچاوبگرن.
٢. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ فلتەرە حزبییەكان لەمیدیاكانیاندا كەم بكەنەوە و فلتەرە پیشەییەكان بەرفراوانتر بكەن. بەجۆرێك لەكاتی كۆكردنەوە و داڕشتنەوە و بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر ئەو رووداوانەی لەناوخۆ و دەرەوەی كاری حزبییدا روودەدەن؛ بەهای پیشەیی جێگەی بەهای حزبیی بگرێتەوە. واتە كار لەسەر بەرزركردنەوەی هۆشیاری ویژدانیی رۆژنامەوان بكرێت، وەك لە كۆنترۆڵكردنی رۆژنامەوان و زانیارییەكانی.
٣. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ دەست لە سەندیكا پیشەییەكانی وەك رۆژنامەنووسان هەڵبگرن و زەمینەی سەربەخۆیی كاری رێكخراوەیی بۆ پیشەوەرانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی بڕەخسێنن.
٤. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ لە رێی نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان و حكومەت و دادگەكاندا پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان و بڕگە و ماددەكانی هەردوو یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەریی بكرێت. بەوەش دەكرێت رێگە لە پەخش و بڵاوكردنەوەی زانیاریی و هەواڵی ساختە بگیرێت و لەكاتی تاوانباربوونیاندا؛ رۆژنامەوانان سزای زیندانییكردنیان بەسەردا نەسەپێنرێت و میدیاكانیشیان رووبەڕووی راگرتن و داخستن نەكرێنەوە.
٥. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ لەرێی دانانی رستێك پێوەری نیشتمانییەوە گوتاری میدیایی خۆیان لەسەروەختی قەیرانەكان و شەڕ و ململانێ و جەنگ و هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا یەكبخەن و رێگە لە دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی و ناوزڕاندنی هێما و پیرۆزییە نیشتمانییەكانی كورد و كوردستان بگرن.
ھەروەک لە وتاری سەرەکیی کۆڕبەندەکەشدا جەختی لەسەر کرابوەوە: میدیای کوردیی کە 123ساڵ لەمەوپێش سەرەتاکانی لە تاراوگە و بە چاپکردنی رۆژنامەی کوردستان دەستیپێکرد؛ لەسەر دەستی یەكەم سەرنووسەری كە میقداد مدحەت بەدرخان بوو بەردی بناغەی پیشەسازییەکی خۆرئاوایی دانا کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ھێشتا ژینگەی پیشەیی و یاسایی ئەو پیشەسازییە لەنێو کولتووری خۆرهەڵاتیی ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا، بەتەواوی نەخەمڵیوە و نەچەسپیوە. پیشەسازییەک کە پشت بە بازاڕی ئازاد و ئازادیی بیر و رادەربڕین و رۆژنامەگەریی و کێبرکێی چوونیەكی پیشەیی بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی ببەستێت؛ تەنانەت ئەزموونی 30ساڵەی پەرلەمانیی و دادوەریی و حكومیی هەرێمی کوردستانیش لێی بێبەش و بێخەم بووە. هەربۆیە لەیەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی-دا؛ رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی كەركوك سەرنجتان بۆ پرسێكی هەنووكەیی پەڕاوێزخراو رادەكێشێت كە لەلایەن بەرهەمهێنەران و بەكارهێنەرانی میدیای كوردییەوە زۆر بەهەند وەرنەگیراوە.
بەپێی سەرچاوە زانستییەكان؛ ریفۆرمی میدیایی بە ئاماژەیەكی بەهێزی دیموكراسییبوون ناوزەددەكرێت كە هەوڵی دەرخستنی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی دەدات، لەبارەی ئاستەكانی ئازادیی و لێبوردەیی و دادی كۆمەڵایەتیی و فرەلایەنیی لەنێوخۆی هەر سیستمێكی سیاسییدا، چونكە میدیا رۆڵێكی نێوەندیی لە گەشەپێدانی هەردوو كولتووری دیموكراسیی و بەرهەمهێناندا دەبینێت. بۆنموونە، كاتێك لەساڵی 1987دا پارتی نیشتمانیی كومینتانگی تایوان دەستیكرد بە هەردوو پرۆسێسی لیبراڵیبوونی كۆمەڵایەتیی و دیموكراسییبوونی سیاسی؛ سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە بۆماوەی سێ دەیە بەفیعلیی سانسۆرێكی توندی خستەسەر میدیای چاپكراو و پەخشكراو. ئەویش لەرێی زنجیرەیەك یاسا كە هەندێكیان ئاڵۆز و ناڕوون و هەندێكی دیكەیان روون و راشكاو بوون و بەوردیی بەرپرسیارێتییەكانی میدیا و سزاكانی بەزاندنی یاساكانی تیا دەستنیشانكرابوون. لەو سەروەختەدا؛ ئەگەرچی پرۆسەی دەرگاوانییكردن (Gatekeeping) بەدەست ئەوانەوە بوو كە لەیەككاتدا هەم مومارەسەی كاری رۆژنامەوانیی و هەم مومارەسەی كاری حزبییان دەكرد، بەڵام حزبی نیشتمانیی كۆمینتانگ رۆڵی سەرەكیی لە ریفۆرمی میدیایی تایواندا هەبوو، بەتایبەت لەئەیلوولی ساڵی 1989ەوە كاتێك بەرێوبەری زانیاریی حكومیی (شەو یو مینگ) بڕوای بەوەهێنا كە رێكخستنی خودیی لەلایەن میدیاكانەوە لە چاودێریی و ساسنۆری دەوڵەت پەسەندترە، چوونكە لە سیستمی سیاسیی دیموكراسییدا، میدیا بەرپرسیارێتیی ئەوەی دەكەوێتەئەستۆ كە وردبینیی و لێپێچینەوە لە بڕیارەكان و رەفتارەكانی حكومەتدا بكات. هەروەك دەوترێت: میدیا وتەبێژی بەرژەوەندییە گشتییەكانی هاونیشتمانیانە، بۆیە ئەركی حكومەت و دام و دەزگاكانی؛ دابینكردنی زانیارییە نەك كۆنترۆڵكردنی هەواڵ، واتە پێویستە زانیارییەكان بەرێوەببرێن نەك كۆنترۆڵ بكرێن.
بەدەر لە تایوانی هاو-وڵاتی كۆماری میللیی چین؛ هەرێمی كوردستانی كۆماری فیدراڵیی عێراق لەگەڵ ئەوەی كە خاوەن فەلسەفە و سیستمێكی روونی سیاسیی و میدیایی نییە، نەشبووەتە ژینگەیەكی ئازاد و لەبار بۆ كاركردنی رەخنەیی و پیشەیی رۆژنامەنووسانی بنكۆڵكار (Investigative journalists). تێكەڵاویی و جیانەكردنەوەی فیعلیی دەستەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەریی دۆخێكی وەهای دروستكردووە كە میدیا وەكئەوەی لەستانداردە نێودەوڵەتییەكانی پیشەكەدا دەستنیشانكراوە نەبێتە دەستەڵاتی چوارەم و رۆڵی چاودێریی ببینێت. لەبەرامبەریشدا، سەلیقە و میزاجی رۆژانەی خاوەنمیدیا جێی سیاسەتی میدیایی گرتوەتەوە و میدیاكارانیش بەپێی بەرز و نزمیی رەوتی بەرژەوەندییەكان و نزیكیی و دووریی سەرچاوەكانی بژێوییان هەوڵی گەرمكردنەوە و بەردەوامیی رووماڵە رۆژنامەوانییەكانیان دەدەن؛ ئەگەرچی راست و دروستیشیان پشتڕاست نەكرابێتەوە. هەربۆیە گرنگە ئەرك و رۆڵی میدیا بەبەردەوامیی بخرێتە ژێرپرسیارەوەو چاودێریی ورد بكرێن.
لەرووی پیشەییەوە؛ میدیا كە دەبوو نێوەندی گەیەنەری نێوان نێرەر و وەرگر، خەڵك و حكومەت، تۆمەتبار و تاوانبار، فەرمانڕەوا و فەرمانپێكراو، كێشەدار و كێشەساز بوایە، ئێستا خۆی بووەتە كێشە و كەرت و كایەكانی دیكەشی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە. میدیاییەك كە لە شەڕی نیشتمانییەوە بۆ شەڕی حزبیی و تاكەكەسیی دابەزیوە و باكی بەپێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن و یاسا بەركارەكان نییە، هەموو خەون و خەمێكی كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، دەروونیی و ئەكادیمیی پەیامەكانی؛ كردووەتە قوربانیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی و شەڕی بەدەستهێنانی ژمارەیەكی زیاتری لایك و شەیر و فۆڵۆوەری ساختە دەكات. هاوكات لاوازیی پابەندبوونی ویژدانیی میدیاوانی كورد بە رێسا پیشەییەكان و كەمتەرخەمیی كرداریی دەستەڵاتی راپەڕاندن لە جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكاندا؛ وایكردووە رۆڵی دەرگاوان (gatekeeper) لەنێوان میدیای دێریینباو (mainstream media) و میدیای نوێباوی جێگرەوە (alternative media)دا، هێند بچووك و بێبەها بكرێت كە وەرگر بەئەستەم بتوانێت جیاوازیی لەنێوان پەیامەكانی هەریەك لەو دوو جۆرە میدیایەدا بكات. ئەوەش بەجۆرێك بەرنامەرێژكراوە كە ئێستا بەبێ دەرگاوان و رۆڵبینینی پیشەیی؛ میدیای دیجیتاڵیی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی، بوونەتە سەرچاوەی سەرەكیی زانیاریی و پەیامەكانی میدیای دێریینباوی چاپكراو و پەخشكراوی كوردی. هەربۆیە چاودێریی میدیای كوردی (چمك)؛ وەك رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنهویستی، سهربهخۆ كە لەساڵی 2017 لەلایەن چەند ئەكادیمییەك و توێژەرێكی میدیاییەوە دامەزرا؛ کار بۆ چاودێرییكردن، ههڵسهنگاندن، راپۆرتكردن و توێژینهوهی خهوش و پێشلكارییه پیشهییهكانی میدیا و رهوشی رۆژنامهگهری كوردیی دەکات. جهختكردنهوهی سهرهكیی رێكخراوەكەش لهسهر بهرزكردنهوهی ئاستی هۆشیاری تاكهكهس و كۆمهڵگهی كوردییه له ههمبهر پێشلكردنی مافەكانیان و پهڕاوێزخستن و دهستێوهردانی ناپیشهیی میدیا و میدیاوانانی كوردستان. چالاكیی و پرۆژهكانی رێكخراوی چمك؛ زیاتر بۆ هەڵسەنگاندنی بهرههمه جۆربهجۆرهكانی میدیای كوردییه، بهمهبهستی گهڵاڵهكردن و خستنهڕووی كارنامهیهكی پیشهییتری كرداریی بۆ راستكردنهوهی ههڵه باوهكانی میدیا و شێوازی كاركردنی میدیاوانان لەهەرێمی كوردستاندا.
ئەمڕۆ رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی كەركوك؛ بەفەرمیی خاڵێك دەخاتە سەر پیتی میدیای كوردیی و سەرنجتان بۆ یەكەمین زنجیرە باسی كۆڕبەندێكی نیشتمانیی رەخنەیی لەبارەی ریفۆرمی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا رادەكێشێت؛ ئەویش لەچوارچێوەی چوار پانێلی سەرەكییدا میوانداری 15 كەسایەتی خاوەن باكگراوندی جیاوازی حزبیی و پیشەیی و ئەكادیمیی كردووە؛ بۆ خستنەڕووی پاساو و پێشنیازەكانی خۆیان لەمەڕ هەریەك لەتەوەرەكانی: ریفۆرمی میدیایی لەنێوان ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی حزبییدا؛ ریفۆرمی میدیایی لەنێوان رێكخستنی یاسایی و رێسای پیشەییدا؛ ریفۆرمی میدیایی لەنێوان پەروەردە و خوێندنی باڵادا؛ ریفۆرمی میدیایی لەنێوان سانسۆر و ئازادیی ژینگەی كاركردندا. هاوكات لەرێی ئەم زنجیرە پانێلەوە مەبەستمانە بپرسین:
• دوای 123ساڵ لەدەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردیی و 30ساڵ لەئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی كورد لە باكوری عێراقدا؛ ئایا ژینگەی سیاسیی هەرێمی كوردستان هێشتا بۆ ریفۆرمی میدیایی لەبار نییە؟
• ئایا پارتە سیاسییەكان بڕوایان بە ریفۆرمی میدیایی بۆ ناوخۆی خۆیان هەیە یاخود بۆ دەرەوەی خۆیان و ئەو ژینگەیەی تیاییدا هەژموندار و فەرمانڕەوان؟
• ئایا دەستەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەریی هیچ پرۆژە و پرۆگرام و پلانێكی بیرلێكراوەیان بۆ ریفۆرمی میدیایی لەئەزموونی فەرمانڕەوایی هەرێمی كوردستانی عێراقدا هەیە ؟
• ئایا دەستتێوەردانی پەرلەمان و حكومەت و دادگەكان لەكاروباری میدیایی بە ئاڕاستەی سانسۆر و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەرییە یان بە ئاڕاستەی رێكخستنەوە و ریفۆرمكردنییەتی؟
• ئایا وەزارەتەكانی رۆشنبیریی و لاوان، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هیچ رێوشوێنێكی كارگێڕیی و چارەسەرێكی نیشتمانییان بۆ بەرتەسكردنەوەی پەیامی ژەهراوی و ماوەبەسەرچووی میدیای بێدەرگاوانی كوردیی هەیە یان ئەوانیش هەر بینەر و بیسەر و خوێنەرن؟
ئەوانە و چەندین پرسیاری دیكە بوون بە باسوخواسی گەرمی هەر چوار پانێلی کۆڕبەندەکە. بەو ھیوایەی لە خوولی دووەمیشدا کە ئامادەکاریی بۆ کرا و بەھۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە تائێستا کارەکانی راگیراوە؛ لە ئاستێکی باڵاتردا وەڵامی دیدگا و کارنامەی سێ دەستەڵاتەکەی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان بۆ رۆڵ و ئەرکی میدیا وەربگیرێتەوەو زەمینەی بیركردنەوەیەكی لۆژیكیی و وتوێژێكی بەرهەمداری بابەتیی لەسەر ریفۆرمی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی عێراق و سەرپێخستنی قۆناغە جیاوازەكانی ببن بە بڕیار و کاریان لەسەر بکرێن.
*سەرۆکی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمک) و رێکخەری گشتیی خوولی یەکەمی كۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ریفۆرمی میدیایی