كاراكردنەوەی رۆڵی دەرگاوانى میدیایی لەسەردەمی بێدەرگاییدا!

سەرنووسەر*

#دەرگاوان؛ لەم ژمارەیەیيەوە دەبێتە یەکەمین گۆڤاری کوردیی وەرزانەی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی لە ھەرێمێکی پاشململانێ و راگوزەری دیموکراسیی وەک کوردستانی بندەستی «کۆماری فیدراڵیی عێراق» دا! ھەڵبەت لە سات و سەردەمێکدا کە ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی ھیچ سنورێکیان لەنێوان نێرەر و وەرگر یاخود بەکارھێنەر و بەرھەمھێنەری پەیامی میدیاییدا نەھێشتبێتەوە؛ کاراکردنەوەی رۆڵی دەرگاوان لە رێکخستنەوەی پیشەیی و یاسایی ناوەڕۆکی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا دەبێتە پرسێکی ھەستیار و جێمشتمومڕی پیشەوەران، پسپۆڕان و توێژەرانی میدیایی. ھەربۆیە بیرکردنەوەيەكی رەخنەیی لە چاپ و پەخشی گۆڤارێک بۆ ھێنانەوە بەر باس و بەخشینەوەی بەھا و بایەخ و رۆڵی مێژوویی دەرگاوان کە ئامانج لێی “باش پەروەردەکردن”ی خوێنەوار و نەوەی نوێی رۆژنامەوانان و رێبەرایەتییکردنی ریفۆرمی میدیایی بێت؛ بیرکردنەوەیەکی ھەم تراژیدیی و ھەم کۆمیدییشە. تراژیدییە، چونکە بۆ ھاووڵاتییەکی کوردستانيى کە دوای 2721ساڵ لە چەشتنی ئازاری گرێی دەروونیی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ و دوای 30ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانیی خۆماڵیی و نەبوون و سەرپێنەخستنی ھیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی نیشتمانیی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەری؛ بە چ خەون و خەیاڵێكەوە بیر لە چاکسازیی میدیایی بکاتەوە. ھاوکات کۆمیدییشە، چونکە لەسەروەختێکدا کە ھەواڵی گەرمى ئەم ڕۆژگارە بریتیی بێت لە قەيرانى خۆهەڵقورتاندنی میدیا و میدیاوان بۆ نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان و پێشلکردنی رۆژانەی مافی تایبەتمەندێتی-یان؛ ئیتر بیرکردنەوە لە بوژاندنەوەی رۆڵی دەرگاوانی میدیایی لەسەردەمی بێسنووریی و بێدەرگاییدا، چ دەردەدارێکی پێ دەوا دەکرێت!

ئێستا ئاڕاستەیەکی بەهێز بانگەشەی کۆتایھاتنی رۆڵی مێژوویی دەرگاوان دەکات، بە پاساوی ئەوەی دنیای گریمانەیی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی ھیچ بوارێکیان بۆ سنوردارکردن و لەقاوغدانی زانیارییەکان نەھێشتوەتەوە و کوردوتەنی؛ «ئەوەی کەوتە زارێ دەکەوێتە شارێ.» ئاڕاستەیەکی دیکەش؛ وێڕای پشتگوێخستن و بێبەھاکردنی رۆڵی لە بەرھەمھێنانی میدیاییدا ھێشتا بە گرنگی دەزانن دەرگاوانى میدیایی کارا بکرێتەوە، چونکە ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بەبێ لەبەرچاوگرتنی بایەخی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندی گشتی؛ ھیچ جیاوازییەک لەنێوان پەیامی رووسوور و رووزەردى میدیاییدا نامێنێتەوە. ھەرچی ئاڕاستەی سێییەمیشە؛ لەو نێوەندەدا ماوەتەوە و ئۆقرە ناگرێت و بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناکرێت لەھەموو دۆز و دۆسییەکدا رۆڵی دەرگاوان کارابکرێتەوە، چونکە سروشتی سەردەمەکە و پێشکەوتنی بروسکەئاسای تەکنۆلۆژیای زانیاریی و گەیاندن و راگەیاندن کارێکی وایکردووە کە ھیچجۆرە سنوورێکی دەستکرد توانای مانەوە و بەردەوامیی نەبێت. ئێستا دنیا بووەتە گوندێکی شووشەیی ئەوتۆ کە ھەمووان لەبەردەم یەکترییدا ئاشنا و ئاشکران. ئەم ئاراِستەیە مەبەستییەتی بڵێت؛ پێویستە بەکارھێنەر و بەرھەمھێنەری میدیایی لە سۆنگەی ئاسوودەیی ویژدانی خودیی و بایەخ و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی و سوودو بەرژەوەندیی گشتیيەوە؛ شێلگیرانە رەچاوی یاسا بەرکارەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن بکەن. ئەوەیش لەپێناو رێکخستنی پەیوەندییەکانی کەسەکان لەگەڵ خودی خۆیان و کەسانی دیکە و ئەو کۆمەڵگە و دەوڵەتەی لە سایەی نۆڕم و نەریتە نووسراو و نەنووسراوەکانیدا دەژین!

بە لەبەرچاوگرتنی پاساوەكانی ھەرسێ ئاڕاستەکە و دۆخی شێواوی ئەمڕۆی میدیاوان و میدیا لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا؛ رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بەپێویستییەکی ھەنوکەیی دەزانێت کە ھێندەی دەکرێت و دەتوانرێت رۆڵی دەرگاوان لە ئاستی خودیی و پیشەیی و یاساییدا بەجۆرێک کارابکرێتەوە کە ھەم کەسەکان ئەرک و مافى پیشەیی و یاساییان لەیادنەکەن، ھەم ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی-شيان پارێزراوبێت و بەپاساوی جۆربەجۆر زەوت نەکرێن. لەو روانگەیەوەو پاش سەرپێخستنی دەیان پلان و پرۆژە و پرۆگرامی بیرلێکراوە لەگەڵ نێوەندە ئەکادیمیی و پیشەییەکانی نێوخۆو دەرەوەدا؛ رێکخراوی چمک مەبەستییەتی لەساڵی نوێی چالاکییەكانییدا کار بۆ بەدیھێنانی ئامانجێکی دیکەی رێکخراوەیی خۆی بکات کە ئەویش بڵاوكردنەوەی «رێنمایی و ھۆشیاریی میدیایی»ە، لەرێی چاپکردنی «تێز و توێژینەوەی میدیایی» و وروژاندنی «مژار و مێزگردی میدیایی» و هەڵدانەوەی «دۆز و دۆسیەی میدیایی» بۆ گەشەپێدان و گەنگەشەکردنی «خوێندن و پەروەردەی میدیایی» لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا تاوەکو «دیدار و دیڤچوونی میدیایی» و «هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندن میدیایی» بە بیرۆكە و بیركردنەوەی رەخنەگرانە و بەهۆی «كاریكاتێر و تەنزی میدیایی» كار بۆ دەوڵەمەندكردنی «وشەدان و فەرهەنگی میدیایی» بكرێت و «راز و رێبەری میدیایی» گۆڤارەكەش ببێتە رۆژەڤی پیشەیی بەکارھێنەر و بەرھەمھێنەری میدیا و پەیامەکانی. لەو نێوەندەشدا؛ دەرگاوان دەرگای بەڕووی هاوكاریی و هەماهەنگیی هەموواندا كراوەیە؛ چ بە وەرگرتنی بابەتى نوێ بۆ بەپێزكردنی ناوەڕۆكەكەی، چ بەهاوبەشییكردن لە دۆزینەوە و پەیداكردنی سەرچاوەی دارایی بۆ مانەوە و بەردەوامیی تاقانە گۆڤارەكەی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمک) و بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەكانی دیكەی.

*د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ وەک سەرنووسەر سەروتاری یەکەم ژمارەی گۆڤاری #دەرگاوان _ی نووسیوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟