دۆست و دوژمنانی میدیای نیشتمانیی لەهەرێمی كوردستاندا

ئا: دەرگاوان

ئەگەرچی رەوتی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی كوردی؛ لە21ی نیسانی 1898ەوە بۆ 21ی نیسانی 2022 پێدەنێتە 124ساڵی تەمەنی، بەڵام هێشتا ژانی لەدایكبوونی میدیایەكی نیشتمانیی پیشەوەر بەدەرنەكەوتووە. هۆكاری درووستنەبوونیشی؛ هاوشێوەی ژمارەی دۆست و دوژمنانی زۆر و هەمەجۆرن. بەشێكیان؛ بە پێویستیی ئەم قۆناغ و رۆژگارەی نازانن، چونكە وایدەبینن كە سەروەختی میدیای نیشتمانیی بەسەرچووە. بەتایبەت كە ئێستا هەژموونی میدیا نوێ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی؛ شوێنی بە میدیای دێرین و دەستەخوشكانی لێژكردووە و چیدیكە بەكارهێنەرانی میدیا، چاوەڕێی هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی دەرگاوانی میدیایی ناكەن و ئەوەی پێیان خۆشبێت لە هەژماری كەسیی خۆیاندا پەخش و بڵاوی دەكەنەوە. بەشێكی دیكەشیان؛ هێشتا خەون بە درووستبوونی میدیای نیشتمانیی هاوشێوەی دامەزراوەی پەخشی بەریتانیا (British Broadcasting Corporation-BBC) دەبینن، نەكئەوەی تۆڕی میدیایی عێراق (Iraqi Media Network-IMN). ئەوەی یەكەمیان؛ ساڵانێكە بووەتە سەكۆی دەنگ و رەنگە جیاوازەكان و بە گۆڕانی حكومەت و حزبی دەستەڵاتدار سازش لە نرخ و بەهای میدیایی خۆی ناكات و پیشەوەرانە، خەم و خەونە نیشتمانیەكانی بەریتانییەكانی تیاجێدەبێتەوە و رۆژ بەرۆژیش سنوورەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لە كشان و فروانبووندان. هەرچی ئەوەی دووەمیانە؛ بەپێی رەنگی حزب و دەنگی زاڵی نێو كابینەی حكومیی گۆڕانكاریی بەسەردادێت و زۆر بەدەگمەن نەبێت نەیتوانییوە ببێتە سەكۆیەك بۆ هەموو عێراقییەكان؛ بەجیاوازیی رەنگ و رەگەز و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی. دەرگاوان؛ لەم ژمارەیەدا دۆسییەی “دۆست و دوژمنانی میدیای نیشتمانیی لە هەرێمی كوردستاندا” ئاوەڵاكرد، تاوەكو دوای 31ساڵ لەئەزموونی فەرمانڕەوایی كورد لەباشووری كوردستاندا؛ هەڵوەستەیەك لەسەر دەرفەت و ئاستەنگەكانی میدیایەكی نیشتمانیی پیشەوەر و پێویستیی درووستبوونی لەدیدی ئەزمووندیدە و توێژەران و ئەكادیمییەكانەوە تاووتوێ بكات. بۆ ئەو مەبەستەش؛ سێ بابەتی سێ پسپۆڕ بۆ بڵاوكردنەوە هەڵبژێردراون كە پێشتر لە “كۆنفرانسی بەنیشتمانییكردنی مێدیا”ی رێكخراوی مەشق بۆ گەشەپێدانی دیموكراسیی و مێدیا و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان لە رۆژی 22ی ئابی 2015دا پێشكەشكراون. لەبەر گرنگیی ناوەڕۆكەكەیان لێرەدا چاپكران. ئەم دۆسییەیەی دەرگاوان بۆ هەر كەس و لایەنێك بە كراوەیی دەمێنێتەوە كە پرۆژە و پلان و پرۆگرامی بیرلێكراوەی هەبێت و بیەوێت بڵاوبكرێتەوەو رایگشتیی لەسەر درووستبكرێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟